کورتەیەک لە بارەی دەزگەی ئاراس ـەوە بەدران ئەحمەد حەبیب

دەزگەی ئاراس لەو کاتەی لە 1998 دامەزرا کتێبی کوردی لە بازاڕدا نەبوو. لە ساڵی 1991ـەوە کە ڕاپەڕین ڕووی دابوو، کتێبی تازە دەرنەدەچوو، دەریش چووبێ، لەلایەن داودەزگەیەکەوە نەبوو کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی گشتی بێ. ئەمە وای کرد، ئێمە لە سەرەتاوە «زۆریی بەرهەم» بکەین بە پلانێکی سەرەکیمان. لە یەکێک لەو ساڵانەی سەرەتادا (ڕەنگە 2001 بێ) 165 ناونیشانمان بڵاو کردەوە، زۆربەیشی بە تیرێژی 2000 دانە و زیاتر، بەڵام وە نەبێ ئەو فرەبەرهەمییە بە شێوەی «زۆری و بۆری» بووبێ، لە هەموو بارێکدا جۆرایەتیی کتێب ئامانجی هەرە سەرەکیی ئێمە بوو.

تیمی کار لە 1998ـەوە تا 2006 لە نێوانی 5 تا 15 کارمەنددا بوو کە بە لێهاتووییەکی بێوێنە لە 8ی بەیانییەوە تا 5ی ئێوارە کاریان دەکرد. کتێبیش لەو سەردەمەدا بە دەستنووس دەهات، زۆر جار دەستنووسەکە دەسخەتێکی ناخۆش یان بە ڕێنووسێکی کۆن بوو، بە هەموو شێوەیەک، کتێب ماندووبوونێکی زۆری دەویست. ئەو کاتە، من ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کوردستان بووم وێڕای بەڕێوەبردنی دەزگەی ئاراس. کێشەیەکی گەورەمان جیاوازی و ناڕێکیی ڕێنووسی نووسەران بوو. زۆربەیان نەیاندەهێشت دەسکاریی ئەو ڕێنووسەیان بکەین. هەر بۆ ئەوە، «کۆڕ» ڕایسپاردم چەند بنەوایەک دەستنیشان بکەم لە پێناو یەکگرتوویی لە ڕێنووسدا، ئەوە بوو لە ماوەیەکی کورتدا کێشە هەرە سەرەکییەکانم دیاری کرد و ئەنجوومەنی کۆڕ بڕیاری دا. ئەمە بوو بە جیاکەرەوەی کتێبی دەزگەی ئاراس.

پرسێکی تر کە بە لامەوە گرینگە باسی بکەم، پرسی بە یەکچاو سەیرکردنی ئەو نووسەرانە بوو کە کتێبیان بۆ دەهێناین، واتە بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی سەر بە کامە لایەنی سیاسین. ئەمە جیاکەرەوەیەکی دیاری دەزگەکەمان بوو، زۆر گرینگ بوو بۆ ئەو کاتە. بۆ هیچ دیالەکتێکی کوردیش پارێز و خۆلادانمان نەبوو ئەگەر کتێب بهاتایە.

دەزگەی ئاراس دەرگەی خۆی بە ڕووی نووسەرانی هەرچوار پارچەدا کردبووەوە. ئەوانەی ماڵیان لە هەولێر بوو، مامۆستا مەسعوود محەمەد و مامۆستا شوکور مستەفا زۆر ڕۆژ بۆ خۆیان لە ژوورێکی چۆلی دەزگە دادەنیشتن. مامۆستا جەرجیس فەتحوڵا ڕۆژانە دەهات بەسەری دەکردینەوە. هەروەها نووسەرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە شانازییەکی گەورە بوو بۆمان، ئەوان دەزگەی ئاراسیان بە ماڵی خۆیان دەزانی. لە باکوور و ڕۆئاوایشەوە نووسەران دەهاتن، لەوانە محەمەد ئووزوونی ڕۆماننووس کە چەند بەرهەمێکی ئەوانمان بڵاو کردەوە. تا دەگات بە کوردی ئەرمەنیستان و گورجستان، وەکو مامۆستا تۆسنێ ڕەشید. تەنانەت نووسەرانی کلدان و ئاشوور و تورکمانیش هەندێکیان، بەشیان لە بڵاوکردنەوەی کتێب پێ بڕا و چوونە ڕیزی نووسەرانی ئەم دەزگەیەوە. دوای کەوتنی ڕێژیمی سەدام حوسێن لە 2003 دەرگەمان بۆ نووسەرانی عێراق واڵا کرد و کۆمەڵێک کتێبی نووسەرانی عەرەبی عێراقمان بڵاو کردەوە.

دەزگەی ئاراس لە هەموو بوارێکی: ڕۆمان و چیڕۆک، بیرەوەری، شیعر، مێژوو، زمانەوانی، قامووس، منداڵان، جوگرافیا، فۆلکلۆر، هونەر، ئەدەبی کلاسیک و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی تازەدا بەرهەمی نووسەرانی وەشاند. زۆر جار داوامان لە نووسەران دەکرد کتێبمان لە بواری تایبەتدا بۆ دابنێن، یان وەربگێڕن.

ئەو کاتە، هێشتا لاوان بەم لێشاوەی ئێستە نەهاتبوونەوە بواری نووسین و وەرگێڕان، ئەو ژمارە کەمەی کە بۆیشمان دەهات ئێمە بە پارێز و ئاگەدارییەکی فرەوە مامەڵەمان لە تەکیدا دەکرد بە تایبەتی لە پرسی زماندا. کتێبی لاوان پێداچوونەوەی دەویست، کەسی واشمان نەبوو بە کتێبدا بچێتەوە، زۆربەی ئەو کارانە خۆم بە شێوەی سەرەکی و هەندێک لە هاوکارانم دەیانکرد. ئەو وێرانییەی ئێستە زمانی کوردیی تێ کەوتووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرهەڵدابوونەوەی کە دەزگایەلی چاپ بۆ بەرهەمی کرچ و کاڵیان درووست کردووە. هەر لەو ماوەیەدا (کۆتای 98 تا سەرەتای 2000) بەڕێوبەری گشتیی کوردستان تیڤی بووم، لەوێش بەوپەڕی توانستەوە چاودێریی زمانی کوردیم دەکرد. لە دەزگەی ئاراسدا سەرەڕای ئەو لێشاوی چاپەی کردمان، زمانی کوردی بە شوورە و چەپەرەکانی خۆیەوە بە ڕووی هەموو گێرەشێوێنییەکدا وەستان. من داوای ئەوە ناکەم ڕێ لە کەس بێتە گرتن، داوا دەکەم ئەوانەی لە سەرەتای کاری نووسیندان، بە یارمەتیدانی کەسانی لە خۆیان شارەزاتر بەرهەم بڵاو بکەنەوە. چەندان لاو ئێستا کە نووسەر و وەرگێڕی گەورەن، لە دەزگەی ئاراسەوە دەستیان پێ کرد. هەروەها زۆرترین ژمارە کتێبمان بۆ کچان و ئافرەتان بڵاو کردەوە.

دەیان کتێبی گرینگ کە لە کتیبخانەی کوردیدا بە زیندوویی دەمێننەوە، ئەگەر دەزگەی ئاراس نەبوایە لەوانەبوو لەناو بچن. من شانازی بەوەوە دەکەم، دەیان کتێب لە ئاراس بڵاو بوونەوە، تا ئەمڕۆش نووسەری ئەو کتێبانەم نەناسیوە، هەندێکیان ڕەنگە بە هۆی دوورییەوە کە لە بەشەکانی تری کوردستان بوون، بەڵام بەشێکیان نزیک بوون. خۆیان نەهاتن تەنیا کتێبەکانیان نارد. ئەمە بۆیە بە شانازی دەزانم، لەبەرئەوەی من خزمەتی کتێبخانەی کوردیم بە لاوە گرینک و مەبەست بوو نەک نووسەر و وەرگێڕێک بێن سڵاوم لێ بکەن.

دوا وشە، وەک دەڵێن «قسە هەزارە دوانی بەکارە». کوردستان زیانێکی گەورەی لێ کەوت کە ئەو دەسکەوتە مەزنەی لە 2012دا دۆڕاند!



سوپاسی لە ناخەوەم بۆ ئەم خوشک و برا ئازیزانەی لە «تۆڕی فێرکاری برادۆست»ـدا کار دەکەن و دەیانەوێ کتێبخانەی چاپەمەنییەکانی ئاراس لای خۆیان بپارێزن. ئەمە خزمەتێکی ترە سەرباری خزمەتەکەی ئێمە و دەهێڵێ زۆرترین ژمارە لە خوێنەران بەم کتێبانە سوودمەد ببن.

ئەم کتێبانە، دیزاینەری دەزگەی ئاراس «ئاراس ئەکرەم» خەمی لێ خواردووە و ڕێکوپێکی کردوون.

وێڕای چاپی کتێب، دەزگەی ئاراس زۆر کۆوار و ڕۆژنامەیشی بڵاو کردەوە وەک: شین، واتە (ئەدەبی)، واتە (گشتی)، بزاو (کۆوار)، بزاو (ڕۆژنامە)، وەرزین، گەشبین، ماڵبات، مشکە (منداڵان).
29.06.2020